بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆچی دوایی دایکی ئەندامێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە کرماشان

١٥٣
کۆچی دوایی دایکی ئەندامێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە کرماشان
هەواڵ‹کۆچی دوایی دایکی ئەندامێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە کرماشان

ڕۆژی ٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، خاتوو سەلما سەلیمی، هاوژینی خوالێخۆشبوو ئیبراهیم قادری و دایکی هاوڕێی بەڕێز کاک محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد و ماڵاوایی لە ژیان کرد .

خاتوو سەلما سەلیمی کچی خوالێخۆشبوو سەلیم سەلیمی خەڵکی کڵاشی باخانی ناوچەی باینگان، لە ٣ی گەلاوێژی ١٣١٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و نیشتمانپەروەری کورد لەدایک بوو.

ساڵی ١٣٣٣ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک ئیبراهیم قادری پێک هێنا کە بەرهەمی ژیانیان ٤ کوڕ و ٣ کچە و تا دوا هەناسەی تەمەنی ژیانێکی پڕ لە سەروەری و شانازیی تێپەڕ کرد.

کوڕێکی دایە سەلما بەناوی کاک محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کورددستانی ئێرانە.

خاتوو سەلما پاش شۆڕشی گەلانی ئێران وەک کەسێکی خاوەن پێگەی جەماوەری و خۆشەویستی بنەماڵەی قادری و سەلیمی، هاندەری کەسوکاری بوو بۆ پێوەندیگرتن بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازی کوردایەتی.

دوای فتوای جیهادی خومەینی بۆ گەلی کورد و هێرش بۆسەر کوردستان و کۆمەڵکوژییەکانی خەڵخاڵیی جەلاد، ئاوارەی باشووری کوردستان بوون و لە شەڕی هەڵەبجەدا دوایی ٣ ڕۆژ مەینەت و کیمیایی باران گەڕایەوە ناوچەی جوانڕۆ.
هاوژینی خاتوو سەلما و ٢ کوڕی بەتاوانی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات گیران و زیندانی کران.

ناوبراو بە ئەوپەڕی ورە بەرزییەوە سەرپەرەستی بنەماڵەکەی کرد و لەبەرانبەر ئەو هەمووە ئازار و ئەشکەنجە ڕوحییە، سەربەرزانە ژیا و کەسایەتی بنەماڵەکەی پاراست و بوو بە نموونەی خۆڕاگری .

تەرمی ئەو ژنە خۆڕاگرە لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی شارەکانی کرماشان، جوانرۆ و پاوە و ئامادەبوونی هاوڕێیان، خزمان و ئەویندارانی ئازادی، لە گۆڕستانی باینگان بەخاک سپێردرا .

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کورساتانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.